لە غەزاوە بۆ ناسا چۆن ئەو ئافرەتە سەرپۆشە مسولمانە سۆها ئەلقەشاوی داوای کارکردنی لە ناساوە پێشکەشکرا

لە غەزاوە بۆ ناسا – چۆن سۆها ئەلقەشاوی داوای کارکردنی لە ناساوە پێشکەشکرا

دكتۆرى فه‌ڵه‌ستینی (سها القشاوي) یه‌کێک له ئه‌ندازیاره گه‌وره‌کانی پرۆژه‌ی ئوریون گه‌وره‌ی ئه‌ندازیارانی پرۆگرامسازی له پرۆگرامی بۆشایی ئاسمانی ئه‌مریکی ئۆرایون له‌لایه‌ن ناساوه سه‌رپه‌رشتی ئه‌کرێت ڕاسته‌وخو بۆ په‌یوه‌ندی نێوان ئاسمانه‌وانه‌کان

هەرگیز ئێمە تێرنابین لەو چیرۆکە هاندەرانەی کەوا ئافرەتان سەرمەشقی ئەو کار و پیشانەن کەوا وەك کار و پیشەی پیاوان وێناکراوە. بەڵام ئەمڕۆ ئێمە ئافرەتێکی دیکە دەبینین کەوا مێژوو دەنووسێتەوە:
سۆها ئەلقەشاوی. ئافرەتێکی سەرسوڕهێنەری فەڵەستینییە، کە بەهای خۆی نیشانی جیهاندا کاتێك دوای دەرچوونی لە خوێندن ڕاستەوخۆ لەلایەن ناساوە داوای لێ کرا بچێتە ناو Program Nasa Space Shuttle. ناسا بەپەرۆش بوو بۆ ئەوەی ئەو خانمە ببێتە ئەندام لە تیمەکەیاندا. هەتا ئەو کاتەی ئەوە ڕوویدا، خەونی سۆها بوو ببێتە ئەندازیارێك کە کەشتی ئاسمانی دەنێرێت بۆ ناو بۆشایی ئاسمان. ئەو پێشنیارە زۆر لەگەڵ حەز و تواناکانی ئەودا دەگونجا.
ئەو سەرەتا وەك ئەندازیاری داتا پرۆسێس سیستەم کاری دەکرد وە پاشان وەك ئەندازیاری پەیوەندی و بەدواداچوون کاری دەکرد هەتاوەکو ئەو کاتەی Space Shuttle Program لە ساڵی ٢٠١١ دا داخرا. لە هەمان ساڵدا سۆها و هاوەڵە ئەندازییارەکانی دەستیان کرد بە ئامادەکاری بۆ بونیادنانی Orion. ئۆریۆن، پڕۆگرامی دەستەی گوێزەرەوەی هەمەچەشنەکا: (MPCV) بریتییە لە کەشتییە ئاسمانییە نوێیەکەی ناسا. ئامانج لە بونیادنانی ئۆریۆن گواستنەوەی ئاسمانەوانەکانە بۆ قووڵایی بۆشایی ئاسمان، دوورتر لەو جێگایەی کە مرۆڤ توانای پێگەیشتنی هەبووە: بۆ سەر مارس و هەسارۆکەکان.
لە پاش ئەو سەرکەوتنەی ئۆریۆن بەدەستی هێنا لە تاقیکردنەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەواندا بۆ بڕینی دوو خولگە لە ماوەی چوار کاتژمێر و نیودا لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤، سۆها و هاوکارەکانی سەرنجیان کردە سەر هەنگاوی داهاتووی کارەکەیان، کە بریتی بوو لە ناردنی دەستەیەکی شەش کەسی ئاسمانەوان بۆ ناو بۆشایی ئاسمان. بۆ ئەودیوی خولگەی مانگ، لەگەڵ هەبوونی ئومێد بۆ ئەوی بتوانن لە ٢٠٢٥دا کەشتی بنێرن بۆ هەسارۆکەکان و لە ٢٠٣٠ـەکانیشدا بینێرن بۆ سەر مارس.
سۆها زۆر بەسۆز بوو بۆ خەونەکەی، وە ویستی کچانێکی دیکەش ببینێت کەوا هاوشێوەی ئەم دەگەن بە خەونەکانیان. لە پەڕەی فەرمی ناساوە لە فەیسبووك، سۆها ئامۆژگاری خۆی پێشکەشی هەموو كچانی سەر زەوی کرد. داوای لێ کردن کەوا ئامانجی گەورەیان هەبێت و هەوڵی بۆ بدەن. گوتی: “ئامۆژگاری من بۆ کیژە لاوەکانی سەرانسەری جیهان ئەوەیە: با هەمیشە خەونیان هەبێت، خەونی گەورەیان هەبێت، هەوڵی تەواوی خۆشیان بخەنە گەڕ تاوەکو خەونەکەیان دەکەن بە ڕاستی. هەروەك من کردم.”
سەرباری هەموو ئەو ناکۆکییە بەردەوامەی لە فەڵەستیندا بوونی هەبووە، لە شاری غەزادا و لەناو نزیکەی دوو ملیۆن کەسدا کە لە ڕووبەرێکی بچووکی ٣٦٥کم٢ دا دەژین، گەورەبوو. ناکۆکی و پێکدادانی بەردەوام ناوچەکەیان پڕکردووە. ناکۆکییەك کە مرۆڤ لە سەرەتاییترین پێویستییەکانی وەکو ئاو و کارەبا بێبەش دەکات. هەرچییەك بێت، هیچ کام لەمانە نەیوەستاند لە بەدەستهێنانی خەونەکەی. بۆ ئەوەی ببێتە ئەو کەسەی کە خۆی دەیویست. ژینگە جاڕزکەرەکەی نەبووە مایەی دامرکاندنەوە و بێ ورەکردنی. دووری نەخستەوە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی. لە بری ئەوە سۆها بوو بە ئافرەتێکی بڕیاردەر و ئامانجگەلێکی خۆویستانەی داڕشت و تەواوی توانای خۆی خستەگەڕ بۆ بەدەست هێنانیان.
سۆها وەك یەکێك لە باشترین خوێندکارانی بەشەکەی خوێندنی تەواو کرد و بەکالۆریۆسی زانستی لە ئەندازیاریی کۆمپیوتەردا بەدەستهێنا لە زانکۆی هاوستن لە تێکساس. سۆها دایکی سێ منداڵیشە. بەخۆشحاڵییەوە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی فەڵەستینیدا کردووە کە خەڵکی غەزایە، ئەویش هەر لە ناسا کار دەکات. ئەو خۆشحاڵە بەوەی لە خێزانێکدا گەشەی کردووە کەوا پشتگیرییان کردووە هەوڵی جددی بدات و خەونی گەورە ببینێت. گەر بەهۆی ئەوانەوە نەبووایە، ئەوا سۆها دەبوو تەنها تەماشای ساروخەکان بکات. هەرگیز بەوەی نەدەزانی کەوا دەبێت بە بەشێك لەو دەستەیەی کە کەشتی ئاسمانی ئۆریۆن دەنێرن بۆ بۆشایی ئاسمان.

سەرچاوە

https://mvslim.com/gaza-nasa-soha-alqeshawi-offered-join-nasa/